ناوهڕۆك
سیفەتەكانی خاك چین؟
ھەندێك جۆر لە خاك زۆر بەسوودە بۆ گەشەی ڕووەكەكان و ھەندێكی تریشیان یارمەتی گەشەی ڕووەك نادات.
ئەمەی خوارەوە ھەندێك لە سیفەتەكانی خاكە وەك تنراوەكانی و پێكھاتنی و بەپیتی.
تنراوی خاك و پێكھاتەكەی
خاك لە دەنكۆڵەی قەبارە جیاواز پێكدێت، ھەندێكیان قەبارەكەیان ھێندەی دەنكەلمێك دەبێت و لەوانەیە بگاتە (٢ملم) و ھەندێكیشیان بچووكن بە ھێندەی كە ناتوانرێت بێ گەورەكردن ببینرێن.
تنراوی خاك Soil texture بریتیە لە جۆری خاك پەیوەست بە قەبارەی دەنكۆڵەكانی پێكیان ھێناوە، ڕێژەی لم لە خاكی ئیماراتدا ٩٥٪ بەڵام ئەم ڕێژەیە لە كوردستان كەم دەبێتەوە و زۆربەی خاكی كوردستان لە قوڕ پێكدێت.
تنراوی خاك كاریگەری ھەیە لەسەر پتەوییەكەی، تا ڕێژەی قوڕ زیاتر بێت ئەوا یەكگرتن و پەتەوییەكەی زیاتر دەبێت، كە ھەندێك جار كێڵانیشی زەحمەت دەبێت.
بێگومان تنراوی خاك كاریگەری لەسەر دادان و تێپەڕبوونی ئاو بەناو خاكدا ھەیە، پێویست وایە كە خاك یارمەتی تێپەڕینی ئاوبدات تا بگاتە ڕەگی ڕووەكەكان بەبێ ئەوەی كە خاكەكە تەواو تێر ئاو ببێت.
جووڵەی ئاو و ھەوا بەناو خاكدا پەیوەستە بە پێكھاتەی خاكەكەشەوە، پێكھاتەی خاك Soil structure مانای ڕیزبوونی دەنكۆڵەكانی خاك، ھەمیشە ئەم دەنكۆڵانە بە ڕێك و پێكی ڕیز نابن، لە زۆر كاتدا پێكەوە لكانی دەنكۆڵەكان لەوانەیە ڕێ لە تێپەڕبوونی ئاو بگرێت یان یارمەتی تێپەڕینی بدات، بە گوێرەی جۆری خاكەكەوە.
بەپیتی خاك
بوونی ماددەی خاوی لە خاكدا، وەك ئاسن پێویستە بۆ گەشەی ڕووەكەكان ئەمانە ماددەی خواردنن بۆ ئەو ڕووەكانە، ئەو خاكەی كە ھەژاربێت بەو ماددانە ناتوانێت ڕووەكەكان تێر بكات بە ماددەی خواردن، توانای خاك بۆ پارێزگاری كردن لە ماددەی خواردن و دابینكردنی بۆ ڕووەكەكان ناودەبرێت بە پیتی خاك.
زۆرێك لەو مادە خۆراكییانەی ناو خاك سەرچاوەكەی تاوێری دایكە.
ھەرچی ئەوانەی كە دەمێننەوە لە ھیومەسەوە دێن. كە ئەمیش ماددەیەكی ئەندامی ڕەشە كە لە ئەنجامی شیبوونەوەی پاشماوەی ڕووەكی و گیاندارانە دروست دەبێت ئەم پاشماوانە بەھۆی بەكتریا و كەڕووەكانەوە شیدەبنەوە و دەگۆڕێن بۆ خۆراك.
پێكھاتەی خاك
ئەو ڕێگەیەی كە خاك لێوەی دروست دەبێت، زۆربەی وا دەكات كە لە شێوەی چیندا ڕیز ببێت، بەشی سەرەوەی دەوڵەمەندە بە ھیومەس، و نیشتووەكان لە ژێریەوەن، پاشان تاوێری بن لە ژێرەوە.
زۆر جار بەشی سەرەوەی خاك بەخاكی ڕوویی ناو دەبرێت، ئەم خاكە ڕووییە ماددەی ھیومەسی زۆرتر تیایدا وەك لەوانەی ژێرەوە.
ھیومەس دەوڵەمەندە بە مادەی خۆراكی كە ڕووەكەكان پێویستیانە بۆ گەشەكردنیان لەبەر ئەوەشەكە خاكی ڕوویی سەرەوە پێویستە بۆ كشتوكاڵ.
ژمارەی ھایدرۆجینی
دەكرێت خاك ترش بێت یان تفت، پێوەری ژمارەی ھایدرۆجینی (PH) بەكاردێت بۆ پێوانە كردنی پلەی ترشێتی و تفتی خاكێك، ئەم پێوەرە لە نێوان «٠ بۆ ١٤»ـدایە.
ژمارەی ناوەند «٧» ئەوە ناوەڕاستە.
ئەو خاكەی ژمارەی ھایدرۆجینەكەی لە ٧ كەمتر بێت ئەوا ترشە، بەڵام ئەوەی كە ژمارەی ھایدرۆجینییەكەی زیاتر بێت لە ٧ ئەوا تفتە.
ژمارەی ھایدرۆجینی كاریگەری لەسەر چۆنییەتی توانەوەی ماددە خۆراكی ھەیە لە خاكدا، بۆ نمونە ڕووەكەكان ناتوانن ھەندێك مادە ھەڵمژن لە خاكێكی تفتدا یان ئەو خاكەی ژمارەی ھایدرۆجینیەكەی بەرز بێت.
بەڵام خاكێك ژمارەی ھایدرۆجینیەكەی نزمبێت لەوانەیە ڕێ لە تێپەڕینی ھەندێك مەواد بگرێت بچێت بۆ ڕووەكەكان، ڕووەكە جیاوازەكان پێویستیان بە خواردنی جیاواز ھەیە، لەبەر ئەوە ژمارەی ھایدرۆجینی گونجاو بۆ خاكێك ئەوەیە كە تا چەند یارمەتی گەشەی ڕووەكەكان دەدات.
زۆربەی كات ژمارەی ھایدرۆجینی خاكێك لەنێوان «٦ بۆ ٨»ـدایە، بۆ نموونە خاكی ئیماراتی عەرەبی ژمارەی ھایدرۆجینی لەنیوان «٧.٥ بۆ ٨.٥»ـدایە.
پاراستنی خاك
ئایا خاك تووشی مەترسی دەبێت بە وێنەی ڕووەك و گیانەوەران؟ دروستبوونی خاك ھەزاران ساڵی دەوێت، لەبەر ئەوە جێگرتنەوەی ئاسان نییە.
ئەگەر گرنگی بە خاك نەدەین، ئەوا ھاوكارین لە تێكشكان و ھەژاربوونی بە توخمە خۆراكییەكانی ناوی، كەواتە خاك سەرچاوەیەكە پێویستە بیپارێزین.
پاراستنی خاك Soil conservative ڕێگەیە كە بۆ پاراستنی بە پیتی خاك بە پارستنی لە ڕاماڵین و بە نەھێشتنی و نكردنی ماددە خۆراكییەكانی ناوی.